چارەسەرکردنی کەمخوێنی بەپێی جۆر، هۆکار، ڕادەی سەختبوونی نەخۆشییەکە و هەروەها تەندروستیی گشتیی تاک جیاوازە. یەکەم ئامانجی چارەسەرکردن ئەوەیە خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی خوێن زیاتر دروست ببن تاوەکوو بتوانن ئۆکسیجینی پێویست بە هەموو جەستە بگەیەنن. زۆر جار ئەمەش لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگلۆبین دەبێت. ئەگەر کەمخوێنی لەبەر هەبوونی نەخۆشییەکی بنەڕەتی بێت، پێویستە لە پێشدا پزیشک ئەو نەخۆشییە چارەسەر بکات؛ بۆ نموونە ئەگەر کەمخوێنی لە ئەنجامی لەدەستدانی خوێنی زۆرەوە بێت، پێویستە هۆکاری لەدەستدانی خوێن یان خوێبەربوونەکە چارەسەر بێت کە ئەمەش دەتوانێت بە شێوەی نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی خوێنلێچوونی ناوەوە بێت کە بووەتە هۆی کەمخوێنی.
چارەسەرییەکان لەوانەیە تەواوکەری خۆراکی بن یان پزیشکان دەرمان و شێوازی تایبەت بۆ یارمەتیدانی جەستە پێشنیار بکەن کە زیاتر خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرهەم بهێنێت. نموونەکانی ئەمانەن:
- تەواوکەری ئاسن: ئەم پێکهاتەیە بە شێوەی کەپسوول یان حەبە.
- پێکهاتەی فۆلیک ئەسید: ڤیتامینی B9 ڤیتامینێکی پێویستە کە یارمەتی جەستە دەدات بۆ دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و DNA کە بنەماکانی جەستەن.
- پێکهاتەی ڤیتامینیB12 : پێکهاتەی ڤیتامین B12 یارمەتیی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی خوێن دەدات.
- دەرزی ئەریسرۆپۆیەتین: بۆ چارەسەرکردنی کەمخوێنیی نۆرمۆسیتیک (ئەمانە دەتوانن یارمەتی مۆخی ئێسقان بدەن خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیاتر بەرهەم بهێنێت).
- دەرمانی هۆرمۆنی بۆ چارەسەرکردنی خوێنلێچوونی زۆر لە کاتی سووڕی مانگانەدا.
- دەرمانی دژەبەکتریا بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن.
- دەرمان بۆ یارمەتیدانی جەستەت تاوەکوو بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیان نەگەیەنێت یان لەناویان نەبات.
- گواستنەوەی خوێن بۆ قەرەبووکردنەوەی خڕۆکە سوورە لەکیسچووەکانی خوێن.
- ڕواندنی خانەی بنەڕەتیی مۆخی ئێسقان بۆ جێگرتنەوەی خانە بنەڕەتییە تەندروستەکانی خوێن.
ئەگەر جۆرێکی کەمخوێنیت هەبێت کە لە کەمی خۆراکەوە دێت، گۆڕانکاری لە شێوازی خۆراکەکەتدا ساز بکە. ئەمەش دەتوانێت ئاستی ماددە خۆراکییەکانت زیاد بکات یان یارمەتیی جەستەت بدات بۆ هەڵمژینی ماددە خۆراکییەکان.
- ۰ ۰
- ۰ نظر