چۆن بزانین شێرپەنجەی مەمکمان هەیە؟

۲ بازديد

شێرپەنجەی مەمک یان سرطان سینه لە ئافرەتاندا باوترە، بەڵام ئەم نەخۆشییە لە پیاوانیشدا دەتوانێت سەر هەڵبدات و لێی بێبەری نین. گرینگە بزانین زۆربەی گرێکانی مەمک شێرپەنجەیی نین و هیچ مەترسییەکیان لەسەر ژیان نییە، بەڵام هەندێک گرێی مەمک دەتوانن مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاتر بکەن. هەر گرێیەک یان گۆڕانکارییەک لە مەمکدا پێویستە لە لایەن پسپۆڕی ئەم بوارەوە بپشکندرێت تاوەکوو جۆری گرێکە دەستنیشان بکرێت. چارەسەرکردنیشی بەپێی دۆخی کەسەکە، جۆری شێرپەنجە و ڕادەی بڵاوبوونەوەکەی لە لەشدا دیاری دەکرێت. چارەسەرکردنی تێکەڵەیەکە لە نەشتەرگەری، چارەسەریی تیشکی و وەرگرتنی دەرمانەکان.

شێرپەنجەی مەمک چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

پزیشکان لەوانەیە پشکنینی جەستەیی ئەنجام بدەن یان داوای ماموگرام بکەن بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک. ئەگەر پشکنینی سەرەتایی یان ماموگرامییەکە نائاسایی بێت، پزیشکان بۆ دڵنیابوون لە شێرپەنجەی مەمک تاقیکردنەوەی زیاتر بەکار دەهێنن و ئەمە بەو واتایە نییە کەسەکە شێرپەنجەی هەیە یان پێویستی بە نەشتەرگەرییە بەڵکوو ئەم تاقیکردنەوانەی خوارەوە تەنیا بۆ دەستنیشانکردن و دڵنیابوونەوەی زیاتر لە نەخۆشییەکە پێویستە:

  1. سۆنەر (ئەلتراساوند)ی مەمک.
  2. وێنەگرتنی تیشکی مەگناتیسی (MRI) ی مەمک.
  3. بایۆپسیی مەمک: لەم تاقیکردنەوەیەدا پزیشکی پسپۆڕ شانە یان شلەی ئەو بەشەی مەمک وا تووشی نەخۆشی بووە دەردەهێنێت و بە سەیرکردنی لە ژێر مایکرۆسکۆپدا زیاتر لێی دەکۆڵێتەوە.
  4. تاقیکردنەوەی ئیمیۆنۆهیستۆکیمیا بۆ پشکنینی وەرگرتنی هۆرمۆن.
  5. تاقیکردنەوەی جینی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی بوونەتە هۆی شێرپەنجەی مەمک.
  6. ماموگرامی دەستنیشانکەر: لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەک لە مەمکدا، وەک گرێ یان هەر شتێکی نائاسایی کە لە ماموگرامی و پشکنینی سەرەتاییدا دەرکەوتووە، لەوانەیە پزیشکان داوای ماموگرامیی دەستنیشانکەر بکەن؛ ئەمە تیشکی ئێکسی ورد و تەواوتر بۆ مەمک بەکار دێنێت.

ڕێگاکانی چارەسەرکردن

ڕێگاکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک زۆرن و بەپێی جۆری شێرپەنجەکە و بارودۆخی کەس و بڕیاری کۆتاییی پزیشک یەک یان تێکەڵاوێک لەم شێوازە چارەسەرییانەی خوارەوە هەڵدەبژێردرێت کە بریتین لە:

  • نەشتەرگەری: بە چەند شێوەی لابردنی تەواوی مەمک (ماستێکتۆمی)، لابردنی گرێی مەمک (لومپێکتۆمی) و لە دواییدا دانانی مەمک، بۆ جوانکاری، دەکرێت.
  • چارەسەریی کیمیایی (کێمۆتراپی): دەرمانی تایبەت بەکار دەهێنرێت بۆ بچووککردنەوە یان لەناوبردنی شانە شێرپەنجەییەکە. دەرمانەکان دەتوانن بە شێوەی حەب بن یان لە ڕێگەی خوێنەوە بدرێن، هەندێک جاریش لە هەردووک شێوە کەڵک وەردەگیردرێت.
  • چارەسەری تیشکی: لەوانە چارەسەری تیشکی لە کاتی نەشتەرگەریدایە (IORT).
  • ئیمیۆنۆتراپی.
  • چارەسەریی هۆرمۆن  (SERM): ڕێ لە خانە شێرپەنجەییەکان دەگرێت تاوەکوو ئەو هۆرمۆنانەی بۆ گەشەکردن پێویستیانە وەرینەگرن.
  • چارەسەری بایۆلۆجی: لەگەڵ سیستەمی بەرگریی جەستەدا کار دەکات بۆ یارمەتیدان و بەرەنگاربوونەوەی لە بەرانبەر خانە شێرپەنجەییەکان یان کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەرەکانی تری شێرپەنجە.

کام چارەسەر گونجاوە بۆ من؟ لەگەڵ پزیشکەکەت سەبارەت بەو چارەسەرییانەی بۆ تۆ و قۆناغی شێرپەنجەکەت گونجاون قسە بکە. پزیشکەکەت دەتوانێت مەترسی و سوودی هەر چارەسەرییەک و کاریگەرییە لاوەکییەکانیت بۆ ڕوون بکاتەوە. ڕەنگە بۆ دڵنیاییی زیاتر پێویست بێت ڕای زیاتر لە یەک پزیشک وەربگریت، ئەمە پێی دەڵێن: “ڕای دووهەم”. وەرگرتنی ڕای دووهەم یارمەتیت دەدات بەر چاوت ڕوونتر بێت و پڕۆسەی چارەسەریت بە باشترین شێوە بەرەو پێش بچێت.

تا كنون نظري ثبت نشده است
ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در مونوبلاگ ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.